میلیتاریسمی فه‌له‌ستینی، حیزبی كوردی !

چوار شت له سازمانه حوكمییه‌كاندا میلیتاریسم شكڵ ئه‌ده‌ن: شه‌ڕخوازی، سه‌روه‌ریی هیزه نیزامی و ئینتیزامییه‌كان به سه‌ر ده‌وڵه‌تدا، رێزلێگرتنی نائاسایی نیزامییه‌كان و ئاماده‌كردنی وڵات بۆ مه‌به‌سته نیزامییه‌كان. ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م فاكته‌رانه كۆ ببنه‌وه، میلیتاریسم به ته‌واوی حاكمه و ئه‌گه‌ریش چه‌ند دانه‌یان بوونیان ببێت، میلیتاریسم نیسبییه!

عه‌ره‌ب

گه‌لی فه‌له‌ستین ساڵه‌ها له حاڵه‌تی شه‌ڕ له گه‌ڵ ئیسرائیلدا بوون و گرووپی میلیشیایی فه‌له‌ستینی جۆراوجۆریش سه‌ریان له‌م فه‌زا ژه‌هراوی و پڕ له كوشتن و بڕینه‌دا هه‌ڵهێنابوو. ئێستا پاش گه‌یه‌شتن به ده‌سه‌ڵاتێكی هاكه‌زایی هیچ گرووپێكیان ئاماده نییه واز له تامی فریوده‌ری ده‌سه‌ڵات بێنێت و " فه‌تح " و " حه‌ماس " كه‌وتوونه‌ته نیشان دانی ئه‌سڵی خۆیان و كۆمه‌ڵگای تینووی ئاشتی و بێ‌ته‌قه‌یی فه‌له‌ستینیان دیسان میلیتاریزه كردووه و براكوژی له ئارادایه! ئه‌مه ئاكامی به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی هه‌موو گرووپه چه‌كداره‌كانی ئه‌م ناوچه‌ نه‌فرین كراوه‌یه وا زه‌مانێ هه‌موویان له یه‌ك مه‌ته‌رێزدا فیشه‌كیان بۆ ئازادی ته‌قاندووه و خوێنیان داوه و گیانیان به حه‌ز و ئیفتخاره‌وه به‌خشیوه...

كورد

له هه‌ر به‌شێكی كوردستانێك كه هێشتا ده‌ورانی عه‌شیره‌گه‌ریی تێپه‌ڕ نه‌كردووه، حیزب له رێژه و ژماره‌ی زۆرتر له یه‌كێكدا بووبێت به به‌ڵا و به سه‌ریدا نازڵ بووبێت، شه‌قی براكان پێش هه‌ر به‌رگرییه‌ك یه‌كتریان پێكاوه و كه‌مینه‌كانیان پێش هه‌ر شتێك گیانی له خۆیان سه‌ندووه و سه‌رۆكه‌كانیان پێش هه‌ر مێشك به كار گرتنێك بیری له ناوبردنی ئه‌وی‌تریانی كردووه به به‌رنامه! ئه‌مانه له كاتی به‌رگریدا ناوی " براكوژی " ییان به خۆوه گرتووه و پاش به ئاكام گه‌یشتنی به شێوه‌ی باوه‌عه‌مره‌یشیان شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات "ره‌قیب‌كوژی" به دواوه بووه! ئه‌گه‌ر نه‌بوایه‌ت شه‌قی زل‌هێزه‌كان ئێستا هه‌موو چه‌كه‌ سه‌وز و زه‌رده‌كانی كوردستانی باشوور به سه‌ر گۆڕی خاوه‌كانیانه‌وه ژه‌نگیان هێنابوو! له رواڵه‌تێكی‌تری حیزبایه‌تیی به شێوه‌ی كوردیشدا، هه‌موو خه‌ونه‌كانی میلله‌تێك ئه‌بن به گه‌مه‌جاڕی تینووانی  ده‌سه‌ڵات و شه‌قی چه‌ند به‌ره‌كی ته‌قه‌ی به‌رز ئه‌بێته‌وه و خاوه‌ن شه‌قه‌كان پاش گه‌ڕان به كتێبه تۆزگرتووه پرتووكاوه‌كانی خۆیاندا چه‌ند وشه‌ی پێكه‌نینداری بۆ ئه‌دۆزنه‌وه و ئاراسته‌ی " گه‌لی هه‌میشه قاره‌مانی كوردی " ی ئه‌كه‌ن! چ خه‌ونێكی پێكه‌نین‌داری مناڵانه‌ی ریش و سمێڵ‌دار!!!

ئێمه و ئه‌وانی ده‌ور و به‌رمان له ئه‌قڵدا موویه‌ك به‌ینمانه! كورد و عه‌ره‌ب به راستی بران!!! نه ئێمه نه ئه‌وان حیزبمان نه‌بووه... !

/ 1 نظر / 13 بازدید
جه‌مشید

رێزێکی تایبه‌ت ده‌ستت خۆش و ماندوو نه‌بیت