" خانه‌قای بورهان " له رێگه‌ی " بورهان " و له به‌ین " بۆكان " و " مه‌هاباد " هه‌ڵكه‌وتووه. به پێچه‌وانه‌ی زۆرێ له ته‌كیه و خانه‌قاكان كه جێگه‌ی دووكان‌دارانی به ناو شێخ و شێخچه‌كان بوون، ئێره ناوه‌ندی پێگه‌یاندنی گه‌وره‌پیاوان و نیشتمان‌په‌روه‌رانی موكریان و باقی ناوچه‌كانی كوردستان بووه. رۆژی چوارشه‌ممه هه‌وای چوارچرا و بورهان و موكریان باوكمی هاندا و زه‌نگێ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی دیتنێكی‌تر له مه‌كۆی مرۆڤ‌دۆستی بمانگه‌یه‌نێته ئه‌م ناوچه‌! رۆژی پێنج‌شه‌ممه له مه‌ریوانه‌وه و له رێگه‌ی سه‌رشیوه‌وه دوای سه‌ققز و بۆكان بێ‌وچان به‌ره‌و " شه‌ره‌فكه‌ند " به‌ڕێ كه‌وتین. له‌م دێهاته بچووك و پڕئوبوهه‌ته‌وه " هه‌ژار " سه‌ری هه‌ڵهێناوه و هه‌وای خانه‌قا پێی گه‌یاندووه و كردوویه‌تی به هاوڕێی " هێمن " ... له لای قه‌برستانێ كه شه‌مسی بورهان تێیدا نێژراوه، خه‌ڵكێكی زۆر له موریدانی له سه‌ڵماس و خه‌ڵخاڵه‌وه هاتوون. هه‌موو توركن و وشه‌یه‌ك كوردی تێناگه‌ن! بۆ چه‌ند كات‌ژمێرێك له‌وێ دائه‌نیشین و ته‌ماشای ئه‌و حوجره و دیوار و ده‌لاقانه ئه‌كه‌م كه ساڵه‌های ساڵ فه‌قێ و سوخته و موسته‌عید تێیدا هاوكات له گه‌ڵ وانه‌ی خۆیاندا فێر بوون كه جیا له ئه‌و شتانه‌ی كه ئه‌یخوێنن، كێن و چین؟ دواتریش له مه‌ته‌رێزی ئه‌ده‌ب و گۆڕه‌پانی به‌رگری له ماف و مان‌دا تێكۆشاون و له رۆحیاندا هه‌موو شتێ به كوردی ره‌وان بووه! پێش داهاتنی شه‌و رووئه‌كه‌ینه مه‌هاباد. هه‌وای سارد نابێته هۆی شێواندنی گه‌رمی هه‌ست له بیر كردنه‌وه له دار و به‌ردی رێگه و رابردووی ئێره. شه‌و له ماڵ هاوڕێیه‌كی ئازیزدا تا دره‌نگێ باس له رابردوویه‌ك ئه‌كه‌ین كه به یه‌كه‌وه له كلاس و نووستن‌گه و شه‌قامه‌كانی تاران به یه‌كه‌وه رامان‌بواردووه! به‌یانی هه‌ینی زوو، پاش له‌ئامێز گرتنی مه‌زاری " پێشه‌وا " و سه‌ردانی " مقبره‌الشعرا " ی مه‌هاباد، به‌ره‌و " سه‌رده‌شت " رێئه‌كه‌وین! ئه‌م به‌شه‌ی سه‌فه‌ر بێ‌به‌رنامه‌یه! خولێك به شاردا ئه‌خۆین و به‌ره‌و " بانه " رێئه‌كه‌وین! شوێنێ كه بۆ باوكم لێواولێوه له تام! جێگه‌یه‌ك كه 40 ه‌كان فه‌قێیه‌تی تێدا كردووه و له حوجره‌كانیه‌وه هه‌وێنی كوردایه‌تی تێكه‌ڵی هه‌ستی هه‌ر فه‌قێیه‌كی بووه! وه‌كوو هه‌میشه سه‌رێكی " نجنێ " یش ئه‌ده‌ین! لافاوێكی پڕئاو دۆڵ و شێوی دڕیوه و زه‌ره‌ری زۆری به دواوه بووه... كاتێ ئه‌گه‌یینه " بانه " شوێنێك نه‌ماوه كه ئێمه تێیدا بحه‌سێینه‌وه! عه‌جه‌م و عه‌ره‌ب و تورك و .. هێنده‌ی تێڕژاوه كه شارێكی كۆن به شه‌قامێكی ته‌سك وه‌كوو " بانه " ی خنكاندووه! لێره هه‌ناسه‌ت بۆ ناكێشرێت! به‌ره‌و سه‌ققز ڕائه‌كه‌ین و شه‌و له مه‌ریوان خۆمان ئه‌بینینه‌وه! 712 كیلۆمه‌تر راننده‌یی وای لێكردووم له 8 ی شه‌و بخه‌وم و ئێستایه‌ك هه‌ڵسێم كه ئه‌م شتانه ئه‌نووسم! چه‌ند وێنه‌یه‌ك له سه‌فه‌ره‌كه‌:

 

.حوجره‌كانی خانه‌قا

 قه‌بری شه‌مسی بورهان

شه‌مسی بورهان

رێگه‌ی نمه‌شیر به نجنێ‌ی خواروو

 

/ 2 نظر / 16 بازدید
هه‌ورامان

هه‌موو ده‌م سه‌فه‌ری خوش، به‌ڵام بێ ڵاڤاو ئه‌نجام به‌ی، بڕێکیش به‌خێڵیم پێ بردی، یه‌کێک له‌ ئاواته‌کانم ئه‌وه‌یه که‌ رۆژگار بتوانم سه‌ردانی شاری مه‌هاباد بکه‌م، خه‌ڵکی مه‌هاباد ده‌وروبه‌ری جێگایکی تایبه‌تیان هه‌یه له دڵی منا، به‌ هیوای ئه‌و رۆژه‌

ئاوات ره حیمی

سلاو خوشه ويستی موسافير دلم بو ئه و شوينانه ی نيوت بردوه ته نگ بوه خوزگه م به سه گه کانی قه ساوخانه.... چاوه ريتم بيی ئازيز